تاوەکو بریكاری وەزیر دەگرێتەوە و بەشێكیشيان چۆڵن و پڕ دەکرێنەوە
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
یەكێتیی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئەو پۆستانەی پڕ بكاتەوە لە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندیدا كە تا ئێستا بەتاڵن و گۆڕانكارییش لە بەشێكی تریاندا دەكات كە زیاتر لە 42 پۆستن.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە 16-2 مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دووەمین كۆبوونەوەی خۆی لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدات كە گۆڕانكاریی لە چەند پۆستێكی پشكی ئەو حزبەدا یەكێك دەبێت لە تەوەرە سەرەكییەكانی.
سەرچاوەیەكی بەرپرسی یەكێتیی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ״ئاژانس״ی ئاشكرا كرد كە بڕیارە حزبەكەی گۆڕانكاریی لە 42 پۆستدا بكات كە پشكی خۆیەتی و بەشێكیشیان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پڕ نەكراونەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە وتی: ״هەندێك گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا دەكرێت و مەكتەبی سیاسی بڕیاری لەسەر دەدات و ئەو پرسە ئەوان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام هێشتا ناوەكان و بڕیاری گۆڕانكارییەكان لە پۆستەكان یەكلا نەكراوەتەوە و پێشنیار هەیە بۆ گۆڕانكاری لەو پۆستانەدا، كە هەندێ لە پۆستەكانی هەرێم و حكوومەتی ناوەندی دەگرێتەوە״.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ״ئاژانس״ كەوتوون، پرسی گۆڕانكارییەكان لیژنەیەكی باڵای بۆ پێك هێنراوە كە هەریەكە لە مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی و عومەر فەتاح ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پەروین بابەكر، ئەندامی سەركردایەتی تێیدا ئەندامن.
جوتیار نووری، سەرۆكی كۆمیسیۆنی حكوومەت لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ماوەیەكی زۆرە باس لە ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی یەكێتیی دەكرێت لەو پۆستانەی تا ئێستا پڕ نەكراونەتەوە لە هەرێمی كوردستان و لە بەغداش، ئێستا جارێكی تر ئەم باسە هاتووەتەوە پێش بۆ ئەوەی ئەوەی هەقی یەكێتییە لەو پۆستانە وەری بگرێت و ژمارەی پۆستەكان لە چل پۆست زیاترن״.
وتیشی: ״ئەو پۆستانەی كە تا ئێستا پڕ نەكراونەتەوە لە بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامییەت و ڕاوێژكاری وەزیر و بریكاری وەزیر پێك هاتوون״.