غاز دەڕوات و ڕێگەوبانەكانی هەرێمیش وێرانن
ئاژانس – سەلام هانەدنی
بە گوێرەی گرێبەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكانی دەرهێنانی غازی سروشتی لە هەرێم، بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بڕێك پارە دادەنێت بۆ ڕێگەوبانی ئەو سنوورە، بڕێكیش بۆ خزمەتگوزاریی گشتییە، كە ساڵانە زیاتر لە ٧ ملیۆن دۆلارە، بەڵام ماوەی 11 ساڵە ئەو بڕە پارەیە دیار نییە كە گەیشتووەتە (1 ملیار و ٤٣٣ ملیۆن و ٣٥٥ هەزار) دۆلار، نازانرێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چیی لێ كردووە.
كۆمپانیای دانەغاز 11 ساڵە كاری بەرهەمهێنانی غازی كردووە، كە ڕۆژانە ٧٠٠ تۆنی بەرهەم هێناوە، لە یەك ساڵدا (7 ملیۆن و ٦٦٥ هەزار) تۆن بەرهەم هاتووە، لە 11 ساڵیشدا، زیاتر لە (84 ملیۆن و ٣١٥ هەزار) تۆن دەكات.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״گرێبەستەكان لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بە نهێنی دەكرێن و ناوەڕۆكیان ئاشكرا ناكرێت، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی غاز بەرهەم دەهێنێت، دەبێت بۆ هەر تۆنێك 10 دۆلار بۆ ڕێگەوبان و خزمەتگوزاری خەرج بكات״.
״جگە لەو پارەیە دەبێت بۆ هەر تۆنێك غازیش لە كاتی گواستنەوەدا (7) دۆلاری تر بۆ كاروباری دیكە و پڕۆژەی تایبەت بدات، بەڵام ئەوەی بۆ ڕێگەوبانە بۆ هەر تۆنێك (10) دۆلارە و لە سندووقێك دادەنرێت و لەژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە״، كەریم عەلی وای وت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە لیژنەی وزە و پیشەسازیی سلێمانی وەریگرتووە، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و قادركەرەم ڕۆژانە 1000 تۆن غاز بەرهەم دێت.
سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: ״تاكو ساڵی 2018 ئاگادار بووین هەندێك ڕێگەوبان و پڕۆژە لە چەمچەماڵ بەو پارەیە كراون، بەڵام دوای ئەوە هیچ بڕێك خەرج نەكراوە و دیار نییە״.
بە پێی ئەو داتا و زانیارییانەی لەبەر دەست ״ئاژانس״دایە، زیاتر لە 3 ساڵە ڕۆژانە 1000 تۆن غاز بەرهەم دێت، بە جۆرێكیش لە ساڵانی پێشوودا زیاتر بووە لە 500 تۆن لە ڕۆژێكدا، لە 11 ساڵی كاركردنی كۆمپانیای دانەغاز ڕۆژانە بڕی 700 تۆن غاز دیاری بكرێت، مانگانە دەكاتە 21 هەزار تۆن غاز.
كاروان عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو پارەیەی بۆ ڕێگەوبانی سنوورەكە بە پێی گرێبەستەكان دیاری كراوە، بۆ تۆنێك 10 دۆلارە و 7 دۆلاریش بۆ خزمەتگوزاریی گشتییە، بەڵام دیارە كە خەرج نەكراوە بۆ ڕێگەوبانەكان ئەو پارەیە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە״.
״ئەو ناوچانەی سنووری چەمچەماڵ، كە غازی لێ بەرهەم دێت، ڕێگەوبانەكانی وێرانن و قەرەباڵغییەكی زۆریشیان لەسەرە، كە دەبوو بەو پارەیە ئەو ڕێگایانە فراوان بكرانایە و بەردەوام چاكسازییان تێدا بكردایە״، كاروان عەبدولڕەحمان وا دەڵێت.
بە پێی ئەو داتایانەی كە ״ئاژانس״ دەستی كەوتووە، مەزندە دەكرێت هەرێمی كوردستان خاوەنی 200 ترلیۆن پێ سێجا غاز بێت، بەرهەمهێنانی غازی ئێستا ڕۆژانە گەیشتووەتە 1000 تۆن و هەرێمیش پێویستی بە نزیكەی 600 تۆن غازە.
كۆمپانیای دانەغاز كۆمپانیایەكی ئیماراتییە، لە هەرێم كاری بەهەمهێنانی غاز دەكات، لە ساڵی 2007ـەوە، حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا كردووە و ساڵی 2008 لە كێڵگەی كۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی غازی بەرهەم هێناوە.
وریا حسێن، سەرۆكی ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوت لە هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم لە سێ ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە، بە تایبەت دوای چارەسەری كێشەكانی نێوان دانەغاز و حكومەتی هەرێم، بۆیە لە ئێستادا 1000 تۆن غاز لە هەرێم بەرهەم دێت و بەشێكی بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت״.
״لەبەر ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاكانیش زۆربەی كات زانیارییەكانیان لای خۆیان هێشتووەتەوە، بۆیە ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی ساڵانی پێشوو ڕوون نییە״، سەرۆكی ڕێكخراوی دۆر وای وت.
لیژنەی وزە و پیشەسازی لەبارەی ئەو بڕە پارە و خراپیی ڕێگەوبانەكانی سنووری ناوچە غازییەكان بە ڕەسمی داوای زانیاری لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكات.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״زیاتر لە سێ ساڵە توانای بەرهەمهێنانی غازی ماڵان گەیشتووەتە 1000 تۆن، بەڵام ڕێژەی ساڵانی ڕابردوو دیار نییە، بۆ هەر تۆنێك غازیش 17 دۆلار دیاری كراوە بۆ ڕێگەوبانی ناوچەكە و خزمەتگوزاریی گشتی״.
״ڕێگەوبانەكانی كێڵگەكانی نەوت و غاز زۆر وێران و خراپن، بۆیە بە نووسراوی ڕەسمی داوامان لە وەزارەتی سامانە سورشتییەكان كردووە لەم نزیكانە بۆ ئەوەی وەڵاممان بدەنەوە ئەو پارەیە چی لێ هاتووە و ڕێگەكان بۆچی بەو شێوە خراپن״، عەلی حەمەساڵح وای وت.
لیژنەی وزە و پیشەسازیش ئاگاداری ئەو زانیارییانە نییە و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە شاردنەوەی زانیارییەكان تۆمەتبار دەكات.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و پیشەسازی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״وەزارەتی سامانە سروشتییەكان زانیاری دەشارێتەوە، تا ئێستا هیچ زانیاری و نووسراوێك نییە ئاماژە بە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بكات بۆ پڕۆژە یان ڕێگەوبان، بۆیە ئەو پارەیە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە و نازانرێت چیی لێ هاتووە״.