بەر لە هێرشەکە تۆڕەکانى کۆڕەک لە کار خراون
ئاژانس – هێمن حەسەن
فەرماندەیەکى باڵاى هێزى پاراستنى شنگال (یەپەشە) پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەى زانیارییان لەسەر پێگە و سەنگەرەکانیان داوەتە تورکیا، کە بە هۆیەوە بەرەبەیانى دوێنێ فڕۆکە سەربازییەکانى تورکیا لە شنگال بۆردومانیان کردن و سەرچاوەیەکى پەکەکەش ئاشکرای دەکات بەر لە هێرشەکە تۆڕى تەلەفۆنى کۆڕەک کوژێنراوەتەوە و پەیوەندییان بە هێزەکانیانەوە نەماوە.
بەرەبەیانى دوێنێ 25/4 فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا هێرشێکى ئاسمانییان کردە سەر چوار لە پێگەکانى یەپەشە و یەکینەکانى بەرخۆدانى شنگال (یەبەشە) لە چیاى شنگال و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد و بە هۆیەوە پێنج پێشمەرگە و 20 شەڕڤان شەهید بوون و دەیانی تریش بریندار بوون.
زەردەشت شنگالى وتەبێژى یەپەشە بە ״ئاژانس״ى وت: ״زانیاریمان لەبەر دەستدایە کە پارتى زانیارییان لەسەر شوێن و سەنگەرەکانى ئێمە لە شنگال بە تورکیا گەیاندووە.
هاوکات سەرچاوەیەکى بەرپرسی پەکەکە کە لەبەر هەستیاریى دۆخەکە نەیویست ناوى بڵاو بکرێتەوە بە ״ئاژانس״ى وت: ״بەر لە هێرشی فڕۆکە سەربازییەکانى تورکیا هێڵى تەلەفۆنى کۆڕەک لە سنوورى شنگال نەماوە و پەیوەندیمان بە هێزەکانمانەوە لەو سنوورە پچڕاوە.״
زەردەشت شنگالى دەڵێت: ״لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە تۆڕى مۆبایل لە شنگال کێشەى تێ کەوتووە و 35 خولەکیش پێش بۆردومانەکەى تورکیا شەبەکەى هێڵی مۆبایلى کۆڕەک نەما.״