ئاژانس
بە پێی ئەو بەدواداچوونەی کە ״ئاژانس״ لەسەر جیاوازیی دەنگەکانی یەکێتیی لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی ٢٠١٤ و ٢٠١٨دا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی داوە؛ دەرکەوت لەسەر ئاستی هەرێم 115 هەزار و 784 دەنگی کەم کردووە.
یەکێتیی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ٢٠١٤ توانی ٢٩٤ هەزار و ٢٦٥ دەنگ بە دەست بهێنێت، کە سەنگی ٦ کورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا دەنگەکانی بوو بە ٢٦٧ هەزار و ٤٤٢ دەنگ، کە بەهای ٨ کورسییە و ١٥ هەزار دەنگی زیادەشی هەبووە، بە شێوەی ڕێژەییش بە بەراوردی چوار ساڵی ڕابردوو ٢٦ هەزار و ٨٢٣ دەنگی کەم کردووە.
هاوکات لە سنووری هەولێر لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتیی ٧٩ هەزار و ٧٢٧ دەنگی بە دەست هێناوە و دوو کورسیی بردووەتەوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ١٦٨ هەزار و ٦٨٨ دەنگی بە دەست هێنا و چوار کورسییشی بە دەست هێنا.
لە سنوری پارێزگای دهۆکیش لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤دا یەکێتیی ٢٥ هەزار و ١٧٦ دەنگی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی دەنگەکانی زیادی کردووە بۆ ٢٥ هەزار و ٥٧٥ دەنگ.
بە بەراوردکردنی هەردوو هەڵبژاردنەکە یەکێتیی لە سنووری هەرێمی کوردستاندا ١١٥ هەزار و 784 دەنگ کەمی کردووە.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان نەمڵی، لێپرسراوی بەشی ڕاپرسی لە مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئێمە وەک مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی ڕاسپێردراوین، تاکو بەدواداچوون و توێژینەوەیەکی مەیدانی بکەین، لەسەر ئەو هۆکارانەی کە دەنگی یەکێتیی دابەزیوە و خەڵک گلەیی هەبووە بۆ کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن و بێزار بوون لە بەشداریکردنی ڕۆژی دەنگداندا.״
وتیشی: ״دەنگەکانمان زیاتر لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا کەمی کردووە، دەزانین بە چ شێوەیەک فشاریان درووست کردووە و خەڵکیان ناچار کردووە کە دەنگ بدەن بە لیست و کاندیدەکانی پارتی، هەروەها هۆکاری تر ئەوەیە هەڵمەتی چەواشەکاریی هێزگەلێک لە دژی یەکێتیی کرا، یەکێتییش لە ناوخۆدا کۆمەڵێک کێشەی هەبوو کە بووە هۆی ساردکردنەوەی دەنگدەر״.