یەکگرتوو نایەوێت بەشدار بێت و کۆمەڵیش دەڵێت ״چاوەڕێی ئەنجامین״
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
پەیڕەوی ناوخۆ بۆ یەکخستنی فراکسیۆنەکانی یەکێتیی و گۆڕان لە پەرلەمان تەواو بووە و چاوەڕێی ڕاگەیاندنی دەکەن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەو هەنگاوە داوا لە کۆمەڵ و یەکگرتووش دەکەن بۆ فراوانکردنی، کۆمەڵ چاوەڕێی بەرهەمەکەی دەکات و لەگەڵیدایە و یەکگرتووش ڕەتی دەکاتەوە.
سەرکردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتیی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری یەکخستن و هاوپەیمانێتیی فراکسیۆنەکانی هەردوولای دەرکرد لە پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێییەکاندا.
بەهار مەحمود، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دوای هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی نوێی گۆڕان لە لایەن سەرکردایەتیی هاوبەشەوە ڕۆژێکمان بۆ دیاری دەکرێت و پەیڕەوی ناوخۆی هەردوو فراکسیۆنەکە ئامادە کراوە، تەنیا ڕاگەیاندنی ماوە״.
وتیشی: ״لە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتیی باسمان لەوە کردووە یەکێک لە خاڵەکانیان ئەوە بێت کە هاوپەیمانێتییەکە کراوە بێت بۆ هەر لایەنێک لەسەر ئەو بنەمایانەی کە لەسەری ڕێک کەوتن و دوای ئیعلانکردنی فراکسیۆنی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتیی داوا لە فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکەین بێنە هاوپەیمانێتییەکەوە״.
بە پێی ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتیی کە لە ساڵی ٢٠١٦ ئیمزایان کرد فراکسیۆنەکانیان دەکەنە هاوبەش لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەوەش بۆ هاوهەڵوێستییان لەسەر پرسە جیاوازەکان.
عیزەت سابر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״با هاوپەیمانێتیی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتیی بکرێت، دوای ئەوە داوا لە کۆمەڵ و یەکگرتووش دەکەین بێنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە״.
کۆمەڵی ئیسلامی نزیکترین فراکسیۆنە لە چوونە نێو هاوپەیمانێتیی فراکسیۆنی یەکێتیی و گۆڕانەوە لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام پێ ناچێت یەکگرتووی ئیسلامی نزیک بێت لەو داوایەوە.
مەڕوان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بە ״ئاژانس״ی وت: ״با بەرهەمی یەکگرتنی فراکسیۆنەکەیان ببینین، ئەگەر لەگەڵ بەرنامە و مافی خەڵک و هاووڵاتییان هاتەوە؛ ئەوکات ئێمەش هەمان شتمان دەبێت و ئامادەییمان تێدا دەبێت بچینە ئەو هاوپەیمانێتییەوە״.
بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی دوورترە لەو هەنگاوە و نایانەوێت بچنە نێو هیچ فراکسیۆنێکەوە.
شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״یەکگرتوو لەسەر ئەساسی پڕۆژە هاوبەش دەبێت لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان، بەڵام ستراتیژمان وایە ناچینە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەکەوە، چونکە دۆخی سیاسی بەتایبەت لە نێوان پارتی و گۆڕان باش نییە و نامانەوێت بە هۆی ئەوەوە ئەوەندەی تر لێکیان دوور بخەینەوە״.
لە ئێستادا پەیڕەوی ناوخۆی فرکسیۆنە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان چاوەڕێی ڕێککەوتنی کۆتایی هەردوولایە کە لە باری پەسەندکردنیدا هەردووکیان پێکەوە دەبنەوە فراکسیۆنی زۆرینە لە پەرلەمانی کوردستان.
هەردوو فراکسیۆنەکە لیژنەیەکیان پێک هێناوە بۆ نووسینەوەی پەیڕەوی ناخۆیان.
تەلار لەتیف، ئەندامی لیژنەی پەیڕەوی هاوپەیمانێتییەکە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ״ئاژانس״ باسی ناوەڕۆکی خاڵەکانی هاوپەیمانێتییەکەی فراکسیۆنەکەیانی لەگەڵ گۆڕان کرد و وتی: ״پەیڕەوی کاری هاوپەیمانێتییەکە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەیە کە لە ڕێککەوتننامەی گۆڕان و یەکێتییدا هەیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی خاڵەکانی باسی چاکسازیی و دادپەروەریی سەروەریی یاسا دەکات، ئێمەش ئەو خاڵانەمان ورد کردووەتەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین״.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە خاڵەکان باسی ڕیفراندۆمە کە هەردوولایان پێیان وایە دەبێت ڕیفراندۆم بە یاسا بێت و لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
تەلار لەتیف دەڵێت: ״هاوپەیمانێتییەکەمان داخراو نییە بەڵکو کراوە دەبێت بۆ هەر فراکسیۆنێکی تر بێتە ناو هاوپەیمانێتییەکەیانەوە، بە مەرجێک لەگەڵ بەرنامە و کاری هاوبەشی دوو فراکسیۆنەکە بێتەوە و لەگەڵ ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتیی و گۆڕانیش لەناو هاوپەیمانێتییەکدا دەبن، بەڵام هەر فراکسیۆنێکیان سەربەخۆیی خۆی پارێزراو دەبێت״.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ״ئاژانس״ کەوتوون، لەسەر دوو ناو ڕێک کەوتوون بۆ هاوپەیمانێتییەکەیان کە یەکێکیان هەڵبژێرن کە یەکەمیان هاوپەیمانیی کوردستانییە و دووەمیشیان هاوبەندیی کوردستانییە بەڵام ئەگەری هاوبەندیی کوردستانی زیاترە.
تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەندەی نەماوە، بەڵام بە پێی پەیڕەوەکە پێکهێنانی ئەو فراکسیۆنە هاوبەشە درێژخایەن دەبێت بۆ خولەکانی تری پەرلەمانی کوردستانیش.
بەهار مەحمود، جەختی لەوە کردەوە هەر کاتێک هاوپەیمانێتییەکە ڕاگەیەندرا بە ڕەسمی، لەو کاتەوە وەکو دوو فراکسیۆن لەو هاوپەیمانێتییەدا کار دەکەن لە پەرلەمانی کوردستاندا.