60%یان له هه‌ولێر بوون
ئاژانس – میدیا حسێن
له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا ده‌یان كۆمپانیا و پڕۆژه‌ی وه‌همی به ناوی جیاجیا، پاره و سه‌روه‌توسامانی هاووڵاتی و حكومه‌تیان بردووه و خاوه‌نه‌كانیان چوونه‌ته شاره‌كانی خوارو و ناوه‌ڕاستی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و حكومه‌تیش پاره‌كانی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه.
زیاتر له ده كۆمپانیای وه‌همی له چوار ساڵی ڕابردوودا به ناوی جیاجیا فێڵێان له هاووڵاتییان و كارمه‌ندانی حكومه‌ت كردووه و ده‌یان ملیۆن دۆلاریان له هاووڵاتییانی شاره‌كانی هه‌رێم وه‌رگرتووه به ناوی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، كه ئه‌و یه‌كانه‌ش وه‌همی بوون.
نووری عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״به‌ڵی ڕاسته له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا زیاد له چه‌ند كه‌سێك به ناوی وه‌به‌رهێنانه‌وه پاره‌یان له خه‌ڵكی شاره‌كان وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئێستا میكانیزمهكەیمان گۆڕیوه، ئه‌و هاووڵاتییه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنێك مامه‌ڵه ده‌كات ده‌بێت پاره‌كه‌ی نه‌بات بۆ وه‌به‌رهێن و له بانكدا دایبنێ ئه‌وه‌ی له چوار ساڵی ڕابردوو دووباره نه‌بێته‌وه״.
هۆگر یاسین دانیشتووی شاری سلێمانی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لەساڵی 2015دا بەناوی یەكەی نیشتەجێبونەوە چەند كەسێك لەناوچەی قولەرەیسی شاری سلێمانی چەند زەویەكیان پیشانداین و ماستەرپلانی پڕۆژەكەیان پیشانداین تا شوقەمان بۆ دروست بكەن كە جێگەی خۆیان هەبوو، بەڵام دوای ماوەیەك كاتێك هەواڵمان زانی ئەو كەسانە ڕایانكردبوو پارەكەیان بردووین ئێستا دۆسیەكەمان لەداداگایە و چاوەڕێی وەرگرتنەوەی پارەكە دەكەین كە بڕی دوو هەزار دۆلارم داوە״.
وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، 300 ملیۆن دیناری هاووڵاتییان له هه‌ولێر و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه خوراوه، كه له لایه‌ن زیاد له ده كۆمپانیای وه‌همی و به ناو كۆمپانیا، كه له 60%ی ئه‌و پارانه‌ش له لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا وه‌همییه‌كانه‌وه بووه له هه‌ولێر كاریان كردووه و 40%شی له سلێمانی بووه.
یاسین ڕه‌شید، وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״له ماوه‌ی چوار ساڵی پڕ له قه‌یراندا سێ كۆمپانیای وه‌همی له هه‌ریه‌ك له گهڕهكهکانی قولەرەیسی و شه‌ستمه‌تری و ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت له شاری سلێمانی به ناوی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌وه كه ئۆفیس و شوێن و مه‌كانیان هه‌بووه وه‌ك چاوبه‌ست زه‌وی و شوقه‌یان پیشانی خه‌ڵكی داوه و ده‌یان ملیۆن دۆلاریان له خه‌ڵكی وه‌رگرتووه و چاوبه‌ستیان له هاووڵاتییان و كارمه‌ندانی حكومه‌ت كردووه خاوه‌نه‌كانیان ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌ژین״.
وتیشی: ״كۆمپانیایه‌كی وه‌همی له هه‌ڵه‌بجه و یه‌كێكی دیكه‌ش له قه‌زای كه‌لار هه‌بووه ئه‌وانیش زیاد له په‌نجا هه‌زار دۆلاریان كۆ كردووەته‌وه هیچ یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونیشیان نه‌داوه‌ته خه‌ڵكی، كه ئه‌و كۆمپانیا وه‌همییه‌ی له شاری هه‌ڵه‌بجه بووه له لایه‌ن سه‌رۆكی شاره‌وانیی ئه‌وكاته‌وه هاوكاری كراوە، هاووڵاتییانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و چوارده‌وری زیانیان تێدا كرد و ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بوو ته‌نها هاووڵاتییان بوون حكومه‌تیش تا ئێستا هیچی بۆ نه‌كردوون״.
״له هه‌ریه‌ك له هه‌ولێر و دهۆكیش پڕۆژه و كۆمپانیای وه‌همی بوونی هه‌یه و هه‌ریه‌ك له پڕۆژه‌كانی فلۆریا ستی و ده‌شتی به‌هه‌شت و كۆمپانیای وه‌ری و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه به ناوی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌وه پاره‌یان له خه‌ڵكی هه‌ولێر وه‌رگرتووه هیچ یه‌كه‌یه‌كیش بوونی نییه، كه 60%ی ئه‌و پارانه‌ی هاووڵاتییان به كۆمپانیای وه‌همی داوه له شاری هه‌ولێرن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه له شاره‌كانی سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌یه.״ یاسین وای وت.
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״ شاری دهۆكیش به‌ده‌ر نییه له پڕۆژه‌ی وه‌همی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته ئاماژه‌ی پێ بكرێت زیاد له 300 ملیۆن دۆلاری هاووڵاتیی هه‌رێم له ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی كۆمپانیای وه‌به‌رهێنانی وه‌همییه‌وه بۆ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له هاووڵاتییان وه‌رگیراوه ئه‌و هاووڵاتییانه نازانن چۆن و به چی شێوه‌یه‌ك پاره‌كه‌یان وه‌ربگرنه‌وه، كه له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه قۆڵیان بڕاوه حكومه‌ت له هه‌وڵی هێنانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه له ڕێگه‌ی پۆلیسی ئهنتهرپوولهوه.
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی نه‌وت و سامانه سروشتییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات له ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا ده‌یان دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییان له دۆسیه‌ی نه‌وتدا ئاشكرا كردووه، به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویسته‌وه به هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه.
شێركۆ جه‌وده‌ت بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״سێ ساڵ پێش ئێستا كارگه‌ی قیری زیپۆمان ئاشكرا كرد له شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، كه كارگه‌یه‌كی وه‌همی بوو مانگانه به بڕی ده ملیۆن دۆلار نه‌وتی خاوی له حكومه‌ت وه‌رده‌گرت، كارگه‌كه‌ش بوونی نه‌بوو، كه كارگه به ناوی ژنه‌كه‌ی ئاشتی هه‌ورامی و سێ كه‌سی دیكه بوون كه ناوه‌كانیان ناسراو نه‌بوون، به هۆی به‌ڵگه‌وه دامان به دادگا و بڕه پاره‌یه‌كمان گه‌ڕانده‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت״.
وتیشی: ״ده‌یان كۆمپانیا و كارگه و پاڵاوگه‌ی وه‌همی هه‌یه له بواری نه‌وتدا له شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، به هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و پڕۆژانه كه‌سی ئاسایی نین و به‌رپرسیان له پشته‌وه‌یه هاووڵاتییان ده‌ترسن له پێدانی زانیاری پێمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین پڕۆژه‌ی وه‌همیی دیكه هه‌یه نه‌مانتوانیوه یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه له دادگا چونكه به‌ڵگه‌ی پێویستمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه״.
دڵشاد فایز وتەبێژی داواكاری گشتی هەرێم بۆ ״ئاژنس״ وتی: ״ئێمە ژمارەیەکی دیاریکراومان لانیە لەو کۆمپانیا وەهمییانە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی کارەکانیان بە نیوەناچڵی کردووە، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، هیچ هاووڵاتیەکیش نەهاتووەوەتە لامان سکاڵا تۆمار بکات״.