11 ملیۆنیشی بۆ تەرخان كراوە
ئاژانس – نەوزاد چارلس
نۆ ساڵە، لە ناوازەترین شوێنی شاری هەولێر پارچەزەوییەك بۆ درووستكردنی بارەگای پاتریۆتی كڵێسەی ڕۆژهەڵات و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئاشوورییەكان تەرخان كراوە، بەڵام كاركردن لە پڕۆژەكەدا ڕاگیراوە، گومان دەكرێت نیازێك هەبێت زەوییەكە پڕۆژەی بازرگانیی لەسەر بونیاد بنرێت، چونكە لە ڕابردوودا باس لەوە كراوە بكرێـت به شووقە.
ڕووبەری زەوییەكە 24 دۆنمە و كەوتووهتە سەر شەقامی 100 مەتری و نێوان گوندی ئیتاڵی و شووقەكانی MRF و شاری ڤیتال و شووقەكانی ئیمپایەر.
دەروازەی چوونەژوورەوەی پڕۆژەكە نەخشی سەلیبێكی لەسەر كێشراوە و ئەوەش وایکرد لە لای خەڵكی هەر بە باڵەخانەی كڵێسه بناسرێت.
بە پێی بەدواداچوونێكی ״ئاژانس״ ئەو پارچەزەوییە لە بنەڕەتدا بۆ درووستكردنی بارەگای پاتریۆتی كڵێسەی ڕۆژهەڵاتە كە پێشتر بارەگاكەی لە شیكاگۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا بووە.
ساڵی 2008 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، پارچەزەوییەكە بە ڕووبەری 24 دۆنم زەوی دیاری دەكرێت و 11 ملیۆن دۆلاریشی بۆ تەرخان دەكات، سێ كەس دیاری دەكرێن بە سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، ئەوانیش جێگری پارێزگاری دهۆك و مەترانێك لە هەولێر و كەسێكی تر كە ئەویش مەسیحییە.
پڕۆژەكە لە هەولێر درووست دەكرێت و جێگری پارێزگاری دهۆك كراوەتە سەرپەرشتیاری، پارێزگاری هەولێریش بێ ئاگایە لە پڕۆژەكە، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئاگام لەو پڕۆژەیە نییە.״
لەو 11 ملیۆن دۆلارەی نێچیرڤان بارزانی تەرخانی كرد، 3 ملیۆن دۆلاری لێ خەرج كراوە بۆ درووستكردنی خانوویەك لەناو زەوییەكەدا.
هەرچەندە زەوییەكە بۆ پڕۆژەیەكی ئایینی تەرخان كراوە، بەڵام هیچ پەیوەندیی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نییە.
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف، بۆ ״ئاژانس״ ئاماژەی بەوە كرد پڕۆژەكە ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە و دەكرایە كۆمەڵگەیەك بۆ ئاشوورییەكان و ئەوانەی دەهاتنە ناو ئەو پڕۆژەیە ئەو ئاشوورییانە بوون كە چووبوونە ئەمهریكا.
نەقشبەندی وتیشی: ״كەس نازانێت بۆچی ئەو پڕۆژەیە وا جێ هێڵراوە و كە داواشم لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە كرد ئەوان هیچ شتێكیان دەربارەی پڕۆژەكە نەوت و وتیان نابێت قسە بكەین.״
ئەو پڕۆژەیە لە جێگەی هەوڵێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت بووە كە لە ساڵی (2008) ویستوویەتی كۆمەڵگەیەك بۆ مەسیحییەكان درووست بكات، بە پاساوی ئەوەی دەكەوێتە سنووری پارێزگای موسڵ و هیچ سوودێكی بۆ پارتی تێدا نەبووە، هەوڵەكە لە لایەن مەسعود بارزانی شكستیان پێ هێنراوە، لە خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمانیش هیچ بەدواداچوونێك بۆ ئەو پڕۆژەیە نەكراوه و تاوهكو ئێستا وەكو خۆی ماوەتەوە، بە پێی بەدواداچوونەكانی ״ئاژانس״.
سرود سەلیم مەتی مەقدیس، سەرۆكی فراكسیۆنی ڕۆڵەكانی نەهرەین، بە ئاژانس ڕاگەیاند ئەو زەوییە بۆ پڕۆژەی دروستكردنی بارەگای پاتریۆتی كلێسەی ڕۆژهەڵات تەرخانكرا بوو، بەڵام حكومەت بە بیانووی قەیرانی دارایی ڕایگرتووە.
پاتریۆت مەرجەعێكی باڵایە و وەكو سیستانی وایە بۆ مەسیحییەكان، پێشتر ئەو پاتریۆتە هەر لە كوردستان بووە، بەڵام لەسەردەمی حوكمی سەدام حوسێن چووەتە ئەمریكا.
سرود سەلیم، ئاشكراشی كرد پێشتر دەیانوت گوایە زەوییەكە دەدرێتە كۆمپانیایەك و كۆمپانیایەكە شووقەی لەسەر درووست دەكات و لە بەرامبەر حەقی زەوییەكە بارەگایەك بۆ پاتریۆتەكە درووست دەكرێت.
ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە هیچ ئومێدێكی بە درووستبوونی پڕۆژەكە نییە و وتی: ״حكوومەت بە بیانووی قەیرانی دارایی پڕۆژەكانی ڕاگرتووە، هیچ ئومێدێك نییە بۆ تەواوبوونی، ئەگەر هەیە ڕۆژێك بكرێتە شووقەی بازرگانی״.
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانییش، بە بیانووی ئەوەی كە پڕۆژەكە لە سەردەمی پێش دەستبەكاربوونی ئەو بڕیاری لەسەر دراوە، ئامادە نەبوو قسە لەو بارەیەوە بكات.
نووری عوسمان، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە وەكالەت بە بیانووی نەبوونی زانیاری ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات.